1 2 aim

فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لە بەغدا زنجیرەیەك دیداری سەربازی گرنگی ئەنجامدا و "قەڵغانی رێزلێنان"ی وەك فەرماندەیەكی گەنج پێ بەخشرا .

رۆژی سێ شەممە ٦ی ئایاری٢٠٢٥ بە سەردانێكی سێ رۆژە بەڕێز دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەك دیداری سەربازی گرنگی ئەنجامدا و بە جیا لەگەڵ هەریەك لە بەڕێز فەریق یەكەمی روكن دكتۆر قەیس خەلەف محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و بەڕێز لیوا روكن (ق.خ) دكتۆر غالب محەممەد كمر، فەرماندەی فیرقەی ١ی هێزە تایبەتەكانی عیراق و بەڕێز مەیسەم ئەلزەییدی، فەرماندەی فیرقەی ئیمام عەباسی جەنگی كۆبووەوە.

بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها پاراستنی پەیوەندییەكان بۆ خزمەتكردنی میللەت و پاراستنی سنوورەكانی هەردوولا لە جموجوڵەكانی تیرۆرستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا،پلانەكانی داهاتووش بۆ لە ناوبردنی مۆڵگە و حەشارگەكانی داعش لە ناوچەكانی سنوری كاری هاوبەشی هەردوولا تاوتوێ كرا.

فەرماندە دیار عومەر، سوپاسی هەمووانی كرد بە تایبەت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بۆ كاری پێكەوەیی و لەناوبردنی تیرۆرستان و ئەوانەی لەیاسا هەڵهاتوون، باسی لەوەشكرد، كە "كوڕانی كۆماندۆ" دەستیان بە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن كردووە بۆ خاپووركردن و لەناوبردنی مۆڵگە و حەشارگەكانی داعش و شانە نوستووەكانیان لە سنورەكانی كەركوك و دیالە و سەلاحەدین.

هاوكات، چەند پرسێكی دیكەی كاری پێكەوەیی و مەشق و راهێنانەكان لەگەڵ فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگری عیراق گفتوگۆی لەسەر كرا و لەلایەن فەرماندەی فیرقەی ١ی هێزە تایبەتەكانی عیراقەوە "قەڵغانی رێزلێنان" وەك فەرماندەیەكی گەنج بەخشرایە بەڕێز دیار عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان.

فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەدیدارەكەیدا، لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی ئیمام عەباسی جەنگی، گفتوگۆی لەسەر هەماهەنگی و كاری هاوبەش و لابردنی ئاڵەنگارییەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان كرد، بەڕێز مەیسەم ئەلزەییدی بۆ مێژوو هەماهەنگی رابردووی هێزەكەیانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە شەڕەكانی رزگاركردنی دەوروبەری كەركوك و بەتایبەت لە رزگاركردنی شارۆچكەی (بەشیری) توركمان نیشن وەبیرهێنایەوە و بەرز نرخاند.